

ڕێگای چالوس:
جاده یان ڕێگای 59، ناسراو به ڕێگای چالوس که به یه‌کێک له گرنگترین ڕێگاکان بۆ دانیشتووانی تاران و که‌ره‌ج هه‌ژمار ده‌کرێت، ڕێگاکه له نێو شاری که‌ره‌ج ده‌ست پێ ده‌کات و ده‌گاته شاری چالوس له که‌ناراوه‌کانی ده‌ریای خه‌زه‌ر. ده‌ڵێن ئه‌م ڕێگایه به یه‌کێک له جوانترین ڕێگاکانی جیهان داده‌نرێت که له هه‌ر چوار وه‌رزی ساڵ خاوه‌ن دیمه‌نی تایبه‌ت به خۆیه. سرووشته جوانه‌که‌ی ئه‌م ڕێگایه، هه‌بوونی ڕووبار و کانیاوه‌کان وه‌ک ڕووباری که‌ره‌ج، ئه‌شکه‌وته سرووشتییه‌کان، تاڤگه و شاخه به‌رزه‌کان، داره به ته‌مه‌نه‌کان، ئاژه‌ڵه کێوییه‌کان، ئاوه کانزاییه‌کان و ده‌یان تایبه‌تمه‌ندی دیکه‌ی وایکردووه ناوی ڕێگای چالوس وه‌ک یه‌کێک له جوانترین ڕێگا گه‌شتیارییه‌کانی ئێران هه‌رده‌م له سه‌ر زاری خه‌ڵکی ئێرانه‌وه بێت.
کۆشکی مروارید یان شهمس:
کۆشکی مروارید ناوی یه‌کێک له بیناکای سه‌رده‌می پاڵه‌وییه که له مێهر شاری ناوچه‌ی 12 ی شاره‌وانی که‌ره‌جدایه. ئه‌م بینایه له لایه‌ن وسڵی پیتێرز و دامه‌زراوه‌ی فرانک لۆیدڕایت به بڕی یه‌ک ملیۆن دۆلار دیزانی بۆ کراوه و بنیات نراوه. کۆشکه‌که ئێستا دۆخێکی باشی نییه.
پێش ده‌یه‌ی 40 ی کۆچی هه‌تاوی ئه‌م ناوچه‌یه له چه‌ندین گوندی وه‌ک حوسێن ئاوای ئه‌فشار پێکهاتبوو. شه‌مسی پاڵه‌وی خوشکی محه‌ممه‌د ڕه‌زای پاڵه‌وی شای پێشووی ئێران به هۆی نه‌خۆشی هه‌ناسه‌دانه‌وه ئه‌م شوێنه‌ی وه‌ک شوێنی ژیانی خۆی هه‌ڵبژارد و کۆشکی مروارید بۆ ئه‌و کرایه‌وه.
کۆشکه‌که ڕووبه‌رێکی 111 هێکتاریی هه‌یه و له نێوان ساڵانی 1345 تا 1347 ی کۆچی هه‌تاوی بۆ شه‌مسی پاڵه‌وی کراوه‌ته‌وه. کۆشکه‌که شێوازی جۆره ماسییه‌کی هه‌یه که له ئێران به سفره ماسی ناسراوه.

گوندی شه‌هرستانه‌ک:
له به‌رزاییه‌کانی ئه‌لبۆرزی ناوه‌ڕاست، گوندێک به پێشینه‌یه‌کی مێژوویی ئارامی گرتووه. گوندی شه‌هرستانه‌ک، شوێنێک که نه‌سره‌دین شای قاجاڕ کۆشکه هاوینه‌که‌ی خۆیی تێدا کردووه‌ته‌وه. گونده‌که ده‌که‌وێته 63 کیلۆمه‌تری باکوری ڕۆژئاوای که‌ره‌ج و 10 کیلۆمه‌تری پردی دووئاو له سه‌ر ڕێگای که‌ره‌ج – چالوس. ناوچه‌یه‌کی سارد که ئابورییه‌که‌ی به گشتی له سه‌ر باخه‌وانی و ئاژه‌ڵداری به تایبه‌ت هه‌نگه‌وانی و ته‌نانه‌ت پیشه‌سازییه ده‌ستییه‌کان ڕاوه‌ستاوه. که‌ش و هه‌وای تایبه‌ت و دیمه‌نه سرووشتییه دڵڕفێنه‌کانی شه‌هرستانه‌ک هۆکاری ئه‌وه بووه که نه‌سره‌دین شای قاجاڕ کۆشکێکی هاوینه‌ی له به‌رزاییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه کردووه‌ته‌وه و هه‌ر ئێستاش له پاش 120 ساڵ ئاسه‌واره‌کانی ده‌بینرێت.